فەرمانگەی ئاوی سێگردکان؛
بێخەم بن ئەو ئاوەی “چا”ی پێدروست دەکەن تەندروستە و بێ کێشەیە
964+
فەرهاد حەسەن
ناحیەی سێگردکان ئەو گومانەی هاوڵاتیانی لەسەر پیسبوونی ئاوی ناو سەنتەری ناحیە و چەند گوندێکی نەهێشت کە دەیانوت ئاوەکەیان باکەڵکی خواردنەوە و بەکارهێنان نایەت، ئێستاش دڵنیایان دەکاتەوە کە ئاوەکەیان هیچ کێشەو گرفتێکی تەندروستی نییە.
ئاماژە بەوەکراوە، دوای لێکەوتەکانی وشکەساڵی ساڵی پار و لەگەڵ دابارینی بارانی ئەمساڵ، وەک سروشتی بەردەوامی خاک هەموو ساڵێک گۆڕانکاڕی لە تۆبۆگرافیای خاک روودەدات و بەو هۆیەوە نیگەرانی لای هاوڵاتیانی گوندەکانی سێکانی و قەمبەر لە سنوری ناحیەی سێگردکان دروست بوو، بەتایبەتیش لەبارەی لێڵبوونی ئاوی خواردنەوەیان لەکاتی لێنانی “چا”دا.
بەڕێوەبەرایەتی ناحیە روونکردنەوەیەکی فەرمانگەی ئاوی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سێگردكان و فەرمانگەکەیان، داوایان لە تاقیگەی تەندروستی کۆیە کرد بەمەبەستی پشکنینی زانستی بۆ ئاوی بەشێک لە پڕۆژەکان.
خۆشبەختانە لە ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوت ئاوی پڕۆژەکانی سێگردکان و سێکانی و قەمبەر شیاوە بۆ خواردنەوە و هیچ گرفتێکی تەندروستی و زانستی نیە، بۆیە فەرمانگەی ئاو دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان هیچ کێشەیەک لە ئاوی پڕۆژەکان نیە.