"دایک و بابم جەرگیان دەسووتێ"

چالاکوان و هاوڵاتیانی هەولێر چوونەوە بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

چالاکوان و هاوڵاتیانی هەولێر بۆ دەربڕینی پاڵپشتی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان چوونەوە بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا و دەڵێن، تا ئەو کاتەی دڵۆپێک خوێن لە جەستەیان دا هەبێ، بێدەنگ نابن بەرامبەر ئەو ناحەقیەی دەکرێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لەم کاتەدا کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێ یەک بێت، ئەگەرنا ئەوەی بەدەستیشمان هێناوە لەکیس دەچێت.

لەناو گردبوونەوەکە کیژێکی بەهەست بەدڵی پڕەوە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “باش نیم و دڵم پڕە، چونکە خوشک و برا و دایک و باوکانمان لە رۆژئاوا جەرگیان دەسووتێ”.

دەشڵێت، “هەتا قەترەیەک خوێن لە جەستەمدا هەبێت، بێدەنگ نابم لە حەقی کورد”.

ئەم ناڕەزایەتی و گردبوونەوانە دژی هێرشەکانی سوپای سوریا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە شەوی رابردووەوە دەستیپێکردووە و درەنگانی شەوی رابردوو چالاکوان و خەڵكێکی زۆر چوونە بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و دەنگیان هەڵبڕی.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری