كێڵگەیەكی نەوت لە سوریا
كۆمپانیای نەوتی سوریا:
كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا بەرەو سوریا بەڕێوەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمپانیای نەوتی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە پێشهاتە نوێیەکانی کەرتی نەوتی سوریای راگەیاند، لەوانە ئەگەری هاتنی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان بۆ ناو بازاڕی سوریا، لەنێویاندا کۆمپانیای شیڤرۆن، كۆمپانیا سورییەكە دەڵێت، ئەم هەنگاوە دەتوانێت وەبەرهێنانی نەوت دوای چەندین ساڵ لە دابەزین ببوژێنێتەوە.
لە راگەیاندراوێكدا کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە، ئێستا دۆسیەی نوێی وەبەرهێنانی ئەمریکا لەژێر تاوتوێکردندایە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی “کۆمپانیای نوێی ئەمریکی دێن بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی سوریا”، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە قەبارەی وەبەرهێنانەکان یان کاتی چاوەڕوانکراو ئاشکرا بکات.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە، کار لەسەر رێککەوتنێک دەکەن لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ بۆ بەدەستهێنانی خاوەنداریەتیی تەواوی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر، دوای ئەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە داوای کشانەوەی لەو کێڵگەیەی کردووە، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دووبارە داڕشتنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان دێت کە هاوتەریب لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە سوریا.
کۆمپانیای نەوتی سوریا دوێنێ یەکشەممەش رایگەیاندبوو، ئەو کێڵگە نەوتییانەی رادەست كراوە، كە لە ناوچە لادێییەکانی باشووری رۆژئاوای پارێزگای رەققەن.
دووپاتیشیان کردبووەوە، ئێستا کۆمەڵگەی نەوتی ئەلسەورە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە، دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ ناوچەی دێرحافەر و لادێیەکانی باشووری رۆژئاوای رەققە.