مامەڵەکان
زانکۆى سەڵاحەدین ماڵئاوایى لە کاغەز دەکات؛ تا کۆتایى 2026 دەبێتە ئەلیکترۆنى
وریا فەتاح
زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بڕیاریداوە تا کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی کاروبار و مامەڵەکانی بکاتە ئەلکترۆنی و چیتر چاوەڕوانی و رۆتینی کاغەز لەناو زانکۆکەدا نەمێنێت.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە (964)ـی راگەیاند؛ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و لەسەر راسپاردەی پ.د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆ دەستیپێکردووە.
باسى لەوەشکرد، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، بەشێکی زۆری کاروبارەکانی زانکۆ کراونەتە ئەلکترۆنى، بەڵام ئێستا تیمەکان کارەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی تا کۆتایی 2026، بە تەواوەتى بکرێت بە ئەلیکترۆنى.
“ئامانجی سەرەکی ئەوەیە هیچ مامەڵەیەک لە دەرەوەی سیستمی ئەلکتڕۆنی نەمێنێت و خزمەتگوزارییەکان خێراتر بکرێن”
زانکۆی سەلاحەدین یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەزاران خوێندکار و فەرمانبەر دەبێت.