ئاماری دەزگای مین بۆ ساڵی 2025
نزیکەی سێ ملیۆن مەتر دووجا زەوی پاککراوەتەوە و 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوە
964+
فەرهاد حەسەن
بەپێی ئمارێکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ساڵی 2025، نزیکەی سێ ملیۆن مەتر دووجا زەوی پاککراوەتەوە و 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئامارەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.1.2026 لەلایەن جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگاکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڵاوکرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ساڵی پار لەرێگەی تیمەکانی مینلابەری و رێکخراوەکانەوە، تواندراوە 29 هەزار و 346 مینەکانی دژەکەسی و دژە تانک و پارچە تەقەمەنی سەرپێی IED و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو UXO هەڵبگیرێنەوە.
وتیشی “تواندراوە رووبەری دوو ملیۆن 708 هەزار و 250 مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە کە خۆی لە 38 کێڵگە مین و 15 شەڕگە دەبینێتەوە”.
بەراورد بە ساڵی پار، ژمارەی کێڵگە مینی پاککراو زیادیکراوە دوای پاککردنەوەشیان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بهکاربهێندرێـت و هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەماوە.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی مین و تەقەمەنیش، ئاماژەی بەوەکرد 29 بەرکەوتوو بە رووداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون.
سەرۆکی دەزگای کاروباری مین دەڵێت، بەشی زۆر رووداوەکان لە وەرزی بەهار روویانداوە کە هاوڵاتیان بۆ بەدەستخستنی گیا بەهارییەکان دەچنە ناوچە مەترسیدارەکانی پیسبووی مین و تەقەمەنی.
لەبارەی بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنیش باسی لەوە کرد کە 41 هەزار و 742 کەس لە پیاو و ژن و منداڵ لەو ساڵەدا هۆشیارکراونەتەوە و 48 هەزار و 269 کەرستەی هۆشیارکردنەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە.