"عێراقچی" پشتڕاستی دەکاتەوە

سعودیا و ئێران بە نێوەندگیری چەند وڵاتێک بە “نهێنی” لە گفتوگۆدان

فەرهاد حەسەن

سعودیا لە ئێستادا وتوێژی “نهێنی” لەگەڵ ئێران ئەنجامدەدات، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی شەڕ لە رێگەی کەناڵێکی دیبلۆماسییەوە، كە هەر یەكە لە توركیا، میسر و فەڕەنسا رۆڵی نێوەندگیر دەبینن لەو وتوێژانەدا و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گفتوگۆکان پشتڕاستدەکاتەوە.

دامەزراوەی میدیایی ئابوری جیهانی “بلومبێرگ”، کە دەوترێت لە شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودی نزیکە، ئەمڕۆ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردوە کە سعودیا لە ئێستادا وتوێژی “نهێنی” لەگەڵ ئێران ئەنجامدەدات.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕ (رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی) لە رێگەی کەناڵێکی دیبلۆماسییەوە و بە پاڵپشتی و بەشداری چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.

بەگوێرەی “بلومبێرگ”، هەریەكە لە وڵاتەكانی میسر، تورکیا و فەڕەنسا نێوەندگیری لە نێوان ریاز و تاران دەكەن.

لایخۆشییەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە بە ماڵپەڕی (ئیندیپێندت)ی رایگەیاندووە، کە لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا، هاوتا سعودییەکەی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان، ئەمەش دوای ئەو نێوەندگیرییەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکرێت.

دەڵێت “سعودیا پابەندبوونی تەواوی خۆی دووپاتکردووەتەوە کە رێگە نەدەن زەوی و ئاو و ئاسمانی وڵاتەکەیان دژ بە ئێران بەکاربهێندرێت”.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئێران بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشیکردە سەر ئامانجە هەستیارەکان لە وڵاتانی کەنداوی دراوسێی، جگە لەو بنکە ئەمریکییانەی کە تێیاندایە؛ دیارترین ئەو وڵاتانەش بریتین لە، عەرەبستانی سعودییە، قەتەر، ئیمارات، کوێت و بەحرەین.