لە سلێمانی ئەسپسوار زۆر بوون
میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
“ئەسپسواری هەستێکی تایبەت و خۆشە و باس ناکرێت، بۆ ئەوەی ئەو هەستەت هەبێت دەبێت تاقی بکەیتەوە”، ئەمە وتەی بانوو کامەرانی تەمەن ١٦ ساڵ بوو، کە لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتێکی ئەسپسواریدا وای بە میدیازان وت.
زیاتریش دوا و وتی: “ئەسپسواری وەک هیچی تر نییە، کە خووت پێوە گرت هەرگیز وازی لێناهێنیت و بەردەوام کاتی بۆ تەرخان دەکەیت.”
لە شاری سلێمانی پێنج شوێنی ئەسپسواری هەن، بەڵام تەنها یانەی گاردینیا مۆڵەتیان هەیە و ڕۆژانە ١٥ تا ٦٠ کەس بە پێی گۆڕانی وەرزەکان سەردانیان دەکەن.
ڕۆژە حەمەساڵح، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی یانەی ئەسپسواریی گاردینیان بە میدیازانی وت: “جگە لەوەی ڕۆژانە خەڵک بۆ سەرگەرمی دێن بۆ ئەسپسواری، بەردەوامیش خوولی فێربوونمان هەیە و گەنج و منداڵ دێنە خولەکانەوە و فێر دەکرێن.”
بە وتەی ڕۆژە، ئەوان ٣٥ ئەسپیان هەیە، ئەسپەکانیان ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و کوردین و بۆ هەر پانزە خولەکێک دە هەزار دینار لەو کەسانە وەردەگرن کە ئەسپسواری دەکەن.
“حاڵەتەکانی سەردانکردن لە ئارەزووەوە بۆ فێربوون و هەندێک کەسیش بۆ چارەسەری دەروونی و چارەسەری پزیشکی سەردانی یانەکەمان دەکەن”، ڕۆژە وای وت.
لە یانەکە لە وەرزی هاویندا رۆژانە ٦٠ کەس سەردانیان دەکات، بەڵام کە وەرزی سەرما دادێت بۆ ١٠ تا ١٥ کەسی ڕۆژانە کەم دەبێتەوە
“هەندێک کەس بۆ چارەسەری دەروونی و پزیشکی سەردانمان دەکەن”
بەڵام ئەسپسواری مەترسیی خۆشی هەیە و دەبێت ئامادکاریی باش بکرێت تا وەکو شایی یوسفت لێ بەسەر نەیەت.
“لە فێستیڤاڵێکی ئەسپسواریدا لە ئەسپەکە کەوتمە خوارەوە، سەرم بە تووندی بە زەویدا درا، خوێن لە سەرمدا مەیی و ئازار شەویلگەم درزی تێ کەوت و بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر جێگە مامەوە”، شایی یوسف ئەم بەسەرهاتەی بۆ میدیازان گێڕایەوە.
بەڵام بە وتەی ڕۆژە حەمساڵح، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی کەوتنەخوارەوەی تووند و نەخوازراو لە یانەکەیاندا ڕووی نەداوە.