چەند سزدادراو لە هەرێم هەن؟
کارتی نیشتمانی بۆ زیاتر لە 2300 سزادراوی ناو چاکسازییەکانی هەرێم دەردەکرێت
فەرهاد حەسەن
لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 335 سزادراو دەبنە خاوەن کارتی نیشتمانی بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییەکانی هەرێم دەڵێت، 14 ملیۆن دینار بۆ دەرکردنی کارتەکان تەرخانکراوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دوای وەرگرتنی رەزامەندی حکومەتی ئیتیحادی، بڕی 14 ملیۆن دینار بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ دوو هەزار و 335 سزادراو لە گرتووخانەکانی هەرێم تەرخانکراوە.
وتیشی: “ئەم رێکارە دوای ئەوە دێت کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕی سێ ملیار دیناری بۆ گرتووخانە و چاکسازییەکانی سەرتاسەری عێراق تەرخانکرد”.
پێشتر، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییەکانی هەرێم یاداشتێکی فەرمی ئاڕاستەی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق کردبوو، بۆ داواکردنی خەرجکردنی بەشێک لەو پارەیە بۆ گرتووخانەکانی هەرێم.
پڕۆسەی دەرکردنی کارتی نیشتمانی بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد لە حکومەتی ئیتیحادی ئەنجام دەدرێت و تێچووی دەرکردنی هەر کارتێک شەش هەزار دیناری عێراقییە.
بەپێی ئامارێکی فەرمی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا حەوت هەزار و 274 سزادراو لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان هەن، کە هەزار و 250 کەسیان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر سزا دراون، هاوکات شەش هەزار و 24 سزادراوی دیکە لەسەر دۆسیەی جۆراوجۆری تاوانکاری و یاسایی دەستگیرکراون.”
گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، “تەنیا لەمساڵدا 700 کەس بە تاوانی جیاواز سزادراون، هەروەها 827 کەس کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزادراون.