وەزارەتی ناوخۆ: هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵنسەی نەبێت بەناو ناکرێت

964+

فەرمان سادق

لەمەبەولا هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵنسەی نەبێت بەناو ناکرێت.

لەسەر داوای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارىدا ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە تۆمار ناکات.

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە 14ـی مانگی رابردوو دەرچووە بە واژۆی وەزیری ناوخۆ، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە دزەی کردووە بۆ ناو میدیا.

بڕیارەکە لە کاتێکدایە پێشتر دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەى کاریگەری دوکەڵی ئۆتۆمبێلەکان، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كردبوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ تۆمار نەكرێن.

بەردی ساڵنسە، کە بە بەردی ژینگەدۆست ناودەبردرێت، وەکو فلتەرێک کار بۆ هەڵمژینی دوکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت، بەڵام بەشێک لە شۆفێران بە مەبەستی بەهێزکردنی هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەکانیان و فرۆشتنەوەیان، ئەم بەردە لە سیستمی دوکەڵوەدەرنانی ئۆتۆمبێلەکانیان دەردەهێنن.

وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەی ژینگە، لەرێگاى بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتوچۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار كردووەتەوە كار بە نووسراوە گشتێنراوەکە بكرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێك ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرهێنرابێت، تۆمار نەکرێت.