مادۆرۆ و هاوسەرەكەی بە دەست هێزە تایبەتەكانی ئەمریكاوە
"من بێتاوانم و سەرۆكی وڵاتەكەمم"
دادگاییكردنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی بۆ 17ی ئادار دواخرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی دەستگیركراوی ڤەنزوێلا ئەمڕۆ دووشەممە 5.1.2026 لە دادگای نیویۆرک ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە ئاراستەی كراون و خۆی وەك بێتاوان وەسف كرد.
مادۆرۆ و هاوسەرەکەی ئەمڕۆ لە دادگای مانهاتن ئامادەبوون، لەوێدا رووبەڕووی تۆمەتی پەیوەندیدار بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک كرانەوە، ئەمەش دوای دەستگیرکردنیان لە بەرەبەیانی شەممەی رابردوو لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە لە کاراکاس.
کاتێک دادوەر پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا دانی بە تاوانەکەیدا دەنێت، مادۆرۆ وەڵامی دایەوە، “من بێتاوانم، من تاوانبار نیم، من پیاوێکی راستگۆم و سەرۆکی وڵاتەکەمم”.
مادۆرۆ بۆ دادوەر ئەلڤین هێلەرستین وتی، “من تاوانبار نیم، بێتاوانم لە هەموو ئەو شتانەی لێرەدا باسکراون”.
هەروەها سیلیا فلۆریس هاوسەری مادۆرۆ بە هەمان شێوە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی کراوە و لە رێگەی وەرگێڕەكەیەوە وتی، “من بە تەواوی بێتاوانم، من خانمی یەکەمی کۆماری ڤەنزوێلام”.
لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، دادوەر بڕیاریدا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە 17ی ئاداری داهاتوودا جارێکی دیکە بۆ دانیشتنی دادگا ئامادەبن.
مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە دەوروبەری نیوەڕۆدا “بەكاتی ئەمریكا” بە زۆر هێنرانە هۆڵی دادگا بۆ دانیشتنێکی یاسایی کورت، هەردووكیان لە پاژنەی پێیان كەلەپچە كرابوون و هێدفۆنیان بۆ دابینکرابوو بۆ وەرگێڕان.
پارێزەرەکەیان، باری جەی پۆلاک، وتی موەکیلەکەی، “سەرۆکی دەوڵەتێکی سەروەرە و پارێزبەندی هەیە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “پرسیار لەسەر یاساییبوونی رفاندنی لەلایەن هێزێكی سەربازییەوە دەكرێت و بڕێکی زۆری بەڵگەنامە هەن، پێش دادگاییکردنەکە پێشکەش دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم تانە یاساییانە”.
پارێزەرەكەی باسی ئەوەشی كرد، مادۆرۆ هەندێک کێشەی تەندروستی هەیە و پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەیە، هەروەها هاوسەرەكەشی كاتێك رفێندراون بریندار بووە و پێیەوە دیارە.
دوو رۆژ لەمەوبەر لە ئۆپەراسیۆنێكی زۆر تایبەت و مێژووییدا، هێزەكانی دێلتای ئەمریكا، نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەیان لە ناو كاراكاسی پایتەختی وڵاتەكەی قۆڵبەست كرد و راستەوخۆش بۆ ئەمریكایان گواستنەوە.