نزیکەی 2000 ماڵ بێ ئاو بوون
گردێک داڕما و رێگای هامڵتۆنی هەڵتەکاند
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە سەر رێگای هامڵتۆن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گردێک داڕماوە، بەشێک لە رێگاکەی هەڵتەکاندووە و نزیکەی دوو هەزار ماڵیشی لە سۆران بێ ئاو کردووە.
گردەکە لەگەڵ بەفر و باران داڕماوە، هەر ئەو شوێنە، پێشتر و لە ساڵی 2020 داڕما و ئەو کات بە تەواوی رێگای هامڵتۆنی داخست، بۆیە راگرێک لە تەنیشتی رێگاکە دروستکرا، ئەو بەربەستە نەبوایە، ئەمجارەش هەمان بەزم دروست دەبووەوە.
سەنار رۆستایی بەرپرسی راگەیاندنی ئاوی سۆران، بە 964ـی وت، “بەهۆی شکانی دوو بۆری گەیاندنی ئاو لەتەنیشت رێگاکە و لە داوێنی گردەکە، گەڕەکەکانی کەورین و جوندیان یەک و جوندیان دوو، بێ ئاو بوون کە نزیکەی دوو هەزار ماڵ دەبن”.
وتیشی، لەم دوو رۆژەدا هەوڵمانداوە لە ئاوی بێخاڵ ئاو بۆ ئەو سێ گەڕەکە دابین بکەین، بەڵام هەر گرفتی کەمی ئاومان بۆ دروستبووە، پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ بۆرییە شکاوەکان چاکبکرێنەوە و ئاو بگەڕێتەوە بۆ سۆران.
داڕمانی گردەکە، گرفتی بۆ رێگای نێوان سۆران بۆ چۆمانیش دروستکردووە، کە رێگای هامڵتۆنە، رێگاکە درزی گەورەی بردووە و شەق بووە، شۆفێران داواکارن بەزوویی چاک بکرێت و دەڵێن، ئەگەر بارانێکی تری بەسەردا ببارێ، رێگاکە بە تەواوی پەک دەخات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری