وەزعی ئیلام خراپە

جارێکی تر خوێنی رۆڵەی کورد لەسەر شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رژا

ژووری هەواڵ

جارێکی تر خوێنی رۆڵەی کورد لەسەر شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رژا.

دەگوترێ دانیشتووانی شاری مەلەکشای سەربە پارێزگای ئیلامیش هاوشێوەی شارەکانی دیکەی ئێران، دژی گرانی و بێکاری هاواریان لێهەڵساوە و هاتوونەتە سەر شەقام.

خۆپیشاندانەکان هەفتەیەک لەمەوبەر و لەناو جەرگەی تارانەوە سەریهەڵدا، دواتر پەرەیسەند و چەند رۆژێکیشە ناوچە کوردییەکانی، لەوانەش کرماشان و ئیلامی گرتووەتەوە.

هەرجارێک لە ئێران و بەتایبەتیش لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی ناڕەزایەتی بەرزدەبێتەوە، بە گولـلە وەڵامی خۆپیشاندەران دەدرێتەوە، هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەبەردەست نییە، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکانی رۆژهەڵات ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا لە شاری مەلەکشا، کوژرانی چوار کەس پشتڕاست بووەتەوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، بەدەیان کەسیش راپێچی زیندان کراون.

وەک هەمیشە، دەسەڵاتدارانی ئێران خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ ناو دەبەن و دەڵێن، ئامادەن گوێ لە داواکاری خەڵكی ناڕازی بگرێن، بەڵام ئەمانە تێکدەرن و دەبێ، بێدەنگ بکرێن.