لە دهۆک

دواى سماقوڵى و  دێوانە؛ بەنداوى خنسیش سەرڕێژ بوو

وریا فەتاح

ئەمڕۆ، رۆژى سەرڕێژبوونى بەنداوەکانى هەرێم بوو، لە دواى سەرڕێژبوونى بەندواى دێوانە و بەنداوى سماقوڵى، بەنداوى “خنس”یش سەڕڕیژ بوو.

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بڵاوى کردەوە، بەنداوى خنس لە دهۆک سەرڕێژ بووە.

ئەمڕۆ، هەریەک لە بەنداوەکانى سماقوڵى لە کۆیە و دێوانە لە دەربەندیخان، سەرڕێژ ببون.

بەنداوی خنس، یەکێکە لە بەنداوە نوێیەکانى هەرێمی کوردستان، لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک دروستکراوە.

بەنداوەکە دووەم گەورەترین بەنداوی پارێزگای دهۆکە و لە جۆری خاکییە، تێچووەکەی زیاتر لە 9 ملیار دینارە و دەتوانێت 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بداتەوە.

بەنداوى خنس گەورەترین پرۆژەى ستراتیژیی قەزای شێخانە، لە رووی کشتوکاڵییەوە زیاتر لە ١٢ گوند دەکەونە سەر رێڕەوی ئاوەڕۆی بەندواى خنس و سوودی لی وەردەگرن؛ هەروەها بەشێکی گوندەکانی تر کە دەکەونە ناحیەى ئەترووش و قەسرۆک و قەزاى شێخان لێی سوودمەند دەبن.