داواكارى هاوڵاتیانى سنوورى بیره‌نه‌وته‌كانى ته‌قته‌ق به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، كێشه‌ى نێوان خاوه‌ن بیره‌ نه‌وته‌كانى سنوورى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق و هاوڵاتیانى ئه‌و سنووره‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن ده‌چێت ، نوێنه‌رێكی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش ده‌ڵێت “25 رۆژى تر ده‌رفه‌تى جێبه‌جێكردنمان پێداون”.

ئه‌مڕۆ 6.3.2023 دوا واده‌ى ئه‌و ماوه‌یه‌ بوو كه‌ هاوڵاتیانى نۆ گوندى سنوورى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق دابوویانه‌ كۆمپانیاكانى نه‌وتى سنووره‌كه‌یان، بۆ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانیان.

غه‌فوور عه‌بدوڵا، نوێنەری خۆپیشاندەران بەتۆڕی964ـی وت “چه‌ند رۆژێكه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كرداریی لایه‌نى په‌یوه‌ندار خه‌ریكی جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانمانه‌، ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌نجومه‌نى هه‌ر نۆ گونده‌كه‌ى سنوورى ته‌قته‌ق و ئه‌حمه‌د موفتى بریكارى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان و قائیمقامى كۆیه‌ ئه‌نجام دراوه‌”.

داواكارییه‌كانى ئه‌و خه‌ڵكه‌ بریتی بوو له‌ دامەزراندنی 30 گەنج و دانانی 10 ئۆتۆمبێل و قیرتاوکردنی رێگای سەرەکی شیواشۆک – ئیلینجاغ.

غه‌فوور وتیشی “بریاریانداوه‌ هه‌ر كارمه‌ندێكى ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ خاوه‌نى دوو موچه‌ بێت، له‌شوێنیاندا ئه‌و گه‌نجانه‌ دابنرێن، كاركردنى ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ش له‌ دوو شەفتى كاركردنه‌وه‌ كراوه‌ته‌ سێ شەفت “.

وتیشی، بڕیاریانداوه‌ تاكو 1.4.2023 ته‌واوى داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.

رۆژى 21.2.2023، ماوەی حەوت رۆژ بوو هاوڵاتیانى ئەو سنووره‌ ناڕەزاییەتییان نیشاندا و رێگای سه‌ره‌كى بیره‌ نه‌وته‌كانى سنوورى ته‌قته‌قیان داخست، دواتر له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندار كۆبوونه‌وه‌ و رێگاى سه‌ره‌كى بیره‌نه‌وته‌كانیان كرده‌وه‌.