بیرە نەوتەکان هۆکارن

دانیشتوانی 10 گوندی تەقتەق رێگا دادەخەن

964+

مەجید بیتوێنی – راپەڕین

بەهۆی دانەمەزراندنیان و نەبوونی خزمەتگوزاری، دانیشتوانی 10 گوندی تەقتەق, رێگای بیرە نەوتەکان دەگرن و خێمەی لێ هەڵدەدەن.

 هاوڵاتیانی گوندەکانی دەوروبەری ناحەی تەقتەق لەقەزای کۆیە، ئەوە چوار رۆژە  لەبەرامبەر نەڕەخساندنی هەلی کارو نەبوونی خزمەتگوزاری لەگوندەکانیاندا خێمەی ناڕەزایەتییان هەڵداوە.

ئەوان چوار رێگای سەرەکییان گرتووە و دەڵێن تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان رێگەکان ناکەنەوە.

خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن لە کۆمپانیاکان دەکەن لەگەڵ ئەوەدا داوای نەوت و قیرتاوکردنی رێگاکانیان دەکەن.

 سالار سلێمان، نوێنەری خۆپیشاندەران بەتۆڕی964-ی وت: “تا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت رێگاکە ناکەینەوە”.

“رێگا لەبەرهەمهێنانی نەوت نەگیراوە، تەنها رێگەیان لەهاتووچۆی کارمەندان گرتووە”، ئاسۆ مستەفا وای وت.

ئاسۆ مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق بە تۆڕی 964-ی وت، “داواکاریی خۆپیشاندەرانیان پێگەشتووە و کاریان لەسەر کردووە بەرز کراوەتەوە بۆ کۆمپانیا، تەنانەت وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش ئاگادارە”.

ناحیەی تەقتەق نزیکەی 32 بیرە نەوتی لێیە. ساڵانی ڕابردوو بەیەکێک لەکێڵگە نەوتییە گرنگ و پڕ بەرهەمەکانی کوردستان هەژمار دەکرا، بەڵام ئێستا بەرهەمی نەوتی رۆژانەی بۆ کەمتر لە پێنج هەزار بەرمیل دابەزیوە و کۆمپانیای (تی تی ئوپکو) کاری دەرهێنانی نەوتی تێدا دەکات.

پێداچونەوەی پێشەوا محەمەد