نۆژەنکردنەوەکە گەیشتە دوا بەشی قەیسەری هەولێر
میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر
دوا قۆناغی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری هەولێر کارەکانی دەستی پێکردو، شارەوانیش دەڵێ دوو ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوەو ساڵێک دەخایەنێت.
ئەندازیار تریفە نەجات عەساف، بەڕێوەبەری شارەوانی یەك بە میدیازانی راگەیاند، نۆژەنکردنەوەی دوا قۆناغی قەیسەری کۆنی هەولێر کارەکانی دەستی پێکردووە.
“نۆژەنکردنەوەکە بە شێوازێكی مۆدێرن دەبێت، بەڵام بەپێوەری شوێنەواری بازاڕەکە وەک ئەوەی کە پێشتر کراوە”. تریفە وادەڵێ.
میدیازان دەزانێت، نۆژەنکردنەوەی دوا بەشی قەیسەری لەسەر بودجەی پەرەپیدانی پارێزگای هەولێرەو بری دوو ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، دەبێت لەماوەی ساڵێک کارەکانی تەواو بێت.
بازاڕی گەورە یان قەیسەری، یەكێكە لەشوێنەوارە كۆنەكانی هەولێر کە مێژووەكەی بۆ نۆ سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، زیاتر لەدوو هەزار دوكانی تێدایە.
دوکانەکانی قەیسەری دابەشکراون بەسەر، كوتاڵشفرۆشان، بەرگدرووان كە كۆنترین بەشی بازاڕەكەن، بەشی پێخەف و دۆشەک، بەشی پێڵاوفرۆشان، دارتاش، زێڕەنگەران، پەنیر و ماستفرۆشان، سەوزەفرۆش، قەساب و چەخماخچی و دارتاش، عەتار.
بازاڕی قەیسەری ھەولێر، دەکەوێتە بەرانبەر قەڵا و ناو جەرگەی شار، رووبەرەکەی نزیکەی ٥٠ هەزار مەتری چوار گۆشەیە، لەسەر شێوەی پیتی لاتینی بینیاتنراوەو، کە بریتیە لە شێوەی ھۆڵێکی بەرزو فراوان کە ھەردوولای ریزە دووکانن و، زیاتر لە هەشت دەرگای چوونە ژوورەوەی هەیە لەسەرەوەش بەچەند کونێک سیستەمی ھەواگۆرکێ و رووناکی بۆ دروستکراوە.
دوا قۆناغی نۆژەنکردنەوەکە وەک تریفە نەجات دەڵێ، كۆڵانی كوتاڵشفرۆشان و پێڵاوفرۆشان دەگرێتەوەو، كۆمپانیای خاكان لایەنی جێبەجێكارەو بەڵێنی داوە، لەمانگی ئەیلولی داهاتوو كارەكان تەواو بكات.
زیاتر وتیشی “بەڵام سێ کۆڵان دەمێنێ و ئێمە دەستکاری ناکەین چونکە سەر بە شوێنەوارن و، بڕیاروایە دوای تەواو بوونی كارەكانی ئێمە، تیمەكانی شوێنەوار دەست بەكارەكانی خۆیان بكەن”.
قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری، ساڵی ٢٠١١ لەسەردەمی نەوزاد هادی پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر بەحەوت قۆناغ دەستی پێکرد. ساڵی ٢٠١٤ کارەکانی وەستا بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، بەڵام لە ٢٠١٧ دەستی پێکردەوە تا ٢٠١٩، ئێستاش کارکردن لەسەر دوا بەشی نۆژەنکردنەوەکە دەستی پێکردووە.
بەڕێوەبەری شارەوانی یەك باسی لەوەشكرد كە نۆژەنكردنەوەكە سەرەتا بە لێكردنەوەی جەمەلۆنەكان و هەڵكەندنی بناغەی دینگەكان و دانانی دینگەی تازە بە شێلمان و ئاسن، پاشان دەست دەكرێت بە ڕووپۆشكردنی دیوار و دینگەكان بە كەرپووچ، لەگەڵ دروستكردنی سەقفی قەوس و تەخت، جگە لەمانەش ئاوەڕۆ و تۆڕی ئاو و كارەبا لەبەرنامەی نۆژەنكردنەوەكەدایە.
بەهۆی ئەو نۆژەنکردنەوەیە، سەدان دوکانداری بازاڕەکە بۆ ماوەی ساڵێک دوکانەکانیان دادەخەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیازان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەڵێنی ئەوەی پێداون كە خاوەن موڵكەكان هیچ جۆرە كرێ و پارەیەك وەرنەگرن، خاوەن دوکانەکانیش بەوە رازی بوونە لەبەرانبەر ئەوەی حكومەت لە باج لێیان خۆش بێت.