گەڕەكێكی خورماتوو

هەر كارەبای نیشتمانی بێتەوە كەلوپەلی ماڵەكانیان دەسووتێت

+964

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ماوەی دوو رۆژە کێشەی کارەبا بۆ چەند کۆڵانێکی گەڕەکی کۆماری لە خورماتوو دروست بووە و لەکاتی هاتنەوەی کارەبای نیشتیمانیدا ئەو ئامێرانەی کە ئیش دەکەن، دەسووتێن و دەتەقنەوە، زیانێکی زۆریش بەر ماڵان کەوتووە، لە سووتانی تەلەڤزیۆن و ئامێر و روناککەرەوە و گیزەر و چەندین ئامێری تر، هاوڵاتیانی ئەو گەڕەكەش داوادەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.

هاوڵاتیان بۆ 964 دەڵێن ئەمشەو تیمەکانی کارەبا هاتوون چاکیان کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ رۆیشتنیان دووبارە كارەباكە تێکچووەتەوە و ئێستا بەشێکی ماڵەكان هەر بێ کارەبا ماونەتەوە.

فازڵ عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خورماتوو بە964ـی وت، “هۆکاری تێکچوون و زیادبوونی ڤۆڵتیەی کارەباکە ئەوەیە، محاویلەكەی بەشێكی گەڕەكەكە لۆدێکی زۆری لەسەرە، لە کاتی دروستبونی پاڵەپەستۆ و لۆدی زۆر کێبڵەکانی ساردی ئەو مەحاویلەیە دەپچڕێت و تەنیا کێبڵی گەرمەکەی دەمێنێتەوە، بەمەش ڤۆڵتیەی کارەباکە بەرزدەبێتەوە و دەبێتە هۆی سووتاندنی ئامێرەکانی ماڵان

وتیشی، دوێنی چارەسەر کراوه، بەڵام ئەمشەو دیسان کێشەی  تێکەوتووەتەوە و کێبڵی ساردەکەی پچڕاندووە، هەوڵ دەدەین سبەی دووبارە چارەسەری بكەینەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

پڕۆژەی ئاوی خورماتوو بۆی نایە و ناوبەناو بەشێکی رۆدەچێ...

پڕۆژەی ئاوی خورماتوو بۆی نایە و ناوبەناو بەشێکی رۆدەچێت