نرخی نەوت رووی لەدابەزین کردەوە
سەروو 62 دۆلارە
نرخی نەوت رووی لەدابەزین کردەوە
شۆڕش قادری
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمڕۆ دیسانەوە رووی لە دابەزین کردەوە و هەر بەرمیلێک لەسەروو 62 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.12.2025 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 62 دۆلار و 24 سەنت دیاری کراوە و بەراورد بە دوێنێ ئێوارە نرخەکەی بەڕێژەی 0.22٪ دابەزیوە.
هاوکات هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تێكساس بە 58 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەویش نرخەکەی بەڕێژەی 0.05٪ دابەزیوە.
سەرچاوەکانی بازاڕی جیهانی، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دامەزراوەی نەوتی ئەمریکی (API) کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراونەتەوە، رایانگەیاندووە، هەفتەی رابردوو ئەمباركردنی نەوتی خاو و بەنزینی ئەمریکا بەرزبووەتەوە، سەرچاوەکان کە ناویان ئاشکرا نەکردووە، رایانگەیاندووە نەوتی خاو دوو ملیۆن و 390 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.