5 مەرجیان بۆ داندراوە

هاتوچۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستى به‌ تۆماركردن و پێدانى تابلۆ به‌ ماتۆڕسكیله‌كان كرد

فەرهاد حەسەن

هاتوچۆی هەڵەبجە دەستی بە تۆمارکردن و پێدانی تابلۆ بە ماتۆڕسکیلەکانی پارێزگاکەن کرد و هەر ماتۆڕسوارێکیش بیەوێت ناوی تۆماربکرێت، پێویستە پابەندی پێنج مەرج بێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ  چوارشەممە ژمارەیەک ماتۆڕسکیلیان تۆمار کردوون و تابلۆیان پێداون و داوا لە لە هاوڵاتیان دەکات، سەردان بکەن بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکێلەکانیان، بەپێی ئەو  مەرج و رێنماییانەی کە داندراون.

ئەو مەرجانەی بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل داندراون، پێویستە ماتۆڕەکە مەنەفێستی ئەصڵی هەبێت، گرێبەستی ئەلیکترۆنی هەبێت، پشکنینی  بەڕادو هەززەی بۆ کرابێت.

هەر خاوەن ماتۆڕێ سەردانی هاتوچۆ بکات، پێویستە سەردانی بانكی کردبێت و خاوەن کارتی زانیاری و نیشتمانیش بێت.

ئەو ماتۆڕانەی، لە رابردوو ژمارەی کاتیان وەرگرتووە یان ئەوانەی بە رەسمی لە خاڵەسنوریەکان هێندراون، مۆدێل و خوار مۆدێلیش بێت تابلۆیان پێدەدرێت .

رسوماتی تۆمارکردن بۆ هەربستۆنێك  210 هەزار دینارە لەگەڵ رسوماتی تری هاتووچۆ لەبەشی تۆمار وەردەگیرێت.