عێراق

بانکی رەشید تۆمەتەکانی نەبوونی نەختینە یان دەستبەسەرداگرتنی پارەی کڕیاران رەتدەکاتەوە

ژووری هەواڵ

بانکی رەشید لە راگەیاندراوێكدا ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، كە باس لە نەبوونی نەختینە لە بانكەكە و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی پارەی کڕیاران دەكات.

بانكەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 24.12.2025 لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، ئەوەی لە هەندێك پەیجی سۆشیال میدیا بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە نەمانی پارە لە بانكی رەشید و دەستبەسەرداگرتنی پارەی كڕیاران و ئەوانەی پارەیان لە بانكەكەیە، دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە.

بانكی رەشید ئاماژە بەوە دەكات، بەردەوامن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بانكی بەپێی رێنمایی و پابەندە یاساییەكان، پارە و مافی هەموو كڕیارانی بانكەكە پارێزراوە.

هەروەها دووپاتی دەكەنەوە، بانكی رەشید رێكاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەسانە دەگرێتەبەر، كە ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەكەنەوە.