سۆمۆ وەڵامی راپۆرتێكی رۆیتەرز دەداتەوە
“پێویستە سەرجەم کۆمپانیاكانی هەرێم نەوت رادەستی سۆمۆ بکەن”
964+
فەرهاد حەسەن
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، پابەندن بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ هەنارەكردنی نەوت و ئەو پڕۆسەیە بە شێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئالەنگارییە لۆجیستییەکان و سنورداریی توانای کۆگاکردن و دەشڵیت، هەرێم پابەندبونی خۆی بە بڕگەکانی رێککەوتنەکە نوێ کردوەتەوە، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە پێویستە هەمو کۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم، نەوت رادەستی سۆمۆ بکەن.
کۆمپانیای سۆمۆ ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پابەندن بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم و بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی پڕۆسەی بارکردن و پاراستنی رەوتی ناردنی نەوتی هەرێم بەبێ وەستان، بە جۆرێک کە بەردەوامی پڕۆسەی هەناردەکردن مسۆگەر بکات، سەرەڕای ئالەنگارییە لۆجیستییەکان و سنورداریی توانای کۆگاکردن و ئەو ڕوبەرانەی ئێستا لە بەندەری جیهانی تورکی لەبەردەستدان.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە چەندین بۆنەدا پابەندبونی خۆی بە بڕگەکانی رێککەوتنەکە نوێ کردوەتەوە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پێویستە هەموو کۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم، نەوت رادەستی سۆمۆ بکەن، جگە لەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخانکراوە بەگوێرەی حوکمەکانی رێککەوتنی تایبەت بەم بابەتە.
كۆمپانیای سۆمۆ باسی لەوەشكردوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت پابەندبونی خۆی بە بنەماکانی شەفافیەت و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپات دەکاتەوە، بە جۆرێک کە سەقامگیری پڕۆسەکانی هەناردەکردن و بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت.
راگەیەندراوەكەی سۆمۆ لە وەڵامی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز دا، كە پێشتر بڵاویكردبوەوە، كۆمپانیایی DNOـی نەرویجی كە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان كاردەكات، لە ئێستادا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە پڕۆسەی هەناردەکردندا ناکات و بە سەربەخۆیی و لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیاوە و لە دەرەوەی ئەو رێککەوتنەی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، نەوت دەفرۆشێت.