لە کێلێ 20 سانتیم بەفر باریوە – وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم
زستان گەڕاوەتەوە
لە کێلێ 20 سانتیم بەفر باریوە؛ بارانبارینیش بەردەوام دەبێت
شۆڕش قادری
شەوی رابردوو لە چەند شوێنێکی کوردستان بەفر باریوە، ئەمڕۆ و سبەینێش بارانبارین بەردەوام دەبێت بۆیە جارێ بەتەمای دەرکەوتنی خۆر مەبن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم چەند وێنەیەکی داناوە و نووسیویەتی، لە 24 كاتژمێری رابردوودا لە مەرزی كێلێ/ پشدەر 20 سانتیم و لە باسنێ / شارباژێڕ 5 سانتیم بەفر باریوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە 28.3.2026 نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم رێژەی دابارین زیاتر دەبێت.
بۆ سبەی یەکشەممەش کەشەکە هەروا باراناوی دەمێنێتەوە، بەڵام پلەی گەرما دوو بۆ سێ بەرزدەبێتەوە و لەبەربەیانیشدا ئەگەر دروستبووی تەم هەیە لە هەندێک لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانیش.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەپلەی سیلیزی بۆ ئەمرۆ:
هەولێر: 13 پلەی سیلیزی
پیرمام: 9 پلەی سیلیزی
سۆران: 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 3 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 10 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 11 پلەی سیلیزی
دهۆک: 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 17 پلەی سیلیزی