بۆ پێگەی عێراقە

سۆمۆ بۆ باشترکردنی توانای هەناردەکردن ئێکسۆن مۆبیلی ئەرکدار کرد

964+

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت “سۆمۆ” دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی بەم دواییانەدا لەگەڵ “ئێکسۆن مۆبیل” واژۆ کراوە، بۆ ئەوەیە تواناکانی هەناردەکردن باشتر بکات و پێگەی بەبازاڕکردنی عێراق لە کەرتی نەوتدا بەهێزبکات.

عەلی شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە بە پێگەی فەڕمی حکومەتی عێراقی وتووە، رێککەوتنی بنەڕەتی لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بە هەنگاوێکی ستراتیژیی گرنگ دادەنرێت بۆ پیشەسازیی نەوتی عێراق و کەرتی بەبازاڕکردن بە هەمان شێوە.

ئێکسۆن مۆبیل یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی جیهانی بواری نەوت و غاز و پاڵاوتن، کۆمپانیایەکی یەکگرتووە کە خاوەنی نوێترین تەکنەلۆژیایە و نرخی کێبڕکێکارانە دەستەبەر دەکات، کە وای لێدەکات بتوانێت بەشداربێت لە بەبازاڕکردنی نەوتی خاوی عێراق لە بازاڕە جیاوازەکاندا.

ئەو کۆمپانیایە پێشنیازی کردووە بچێتە ناو پڕۆژەکانی پەیوەست بە پاڵاوگە و کۆگاکانەوە لە چەندین ناوچەی جیهاندا، بەتایبەتی لە ئاسیادا، کە ئەمەش پێگەی بەبازاڕکردنی عێراق بەهێز دەکات و پشتیوانی لەو یەکگرتنە ئابوورییە دەکات کە رێککەوتنەکە دابینی دەکات.

شەتری ئاماژەی بەوەدا، عێراق ماوەیەکی زۆرە پێویستی بەم جۆرە رێککەوتنانە هەیە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە یەکگرتووەکاندا کە خاوەنی ئەزموون و تەکنەلۆژیان.

شەتری دەڵێ، عێراق تەنیا پێویستی بە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت نییە، بەڵکو پێویستی بە باشترکردنی تواناکانی هەناردەکردنیش هەیە لە رێگەی بنیاتنانی سیستمی یەکگرتووی کۆگا و بۆرییەکانی هەناردەکردنەوە، کە ئەوەش هاوشانە لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەکانی وەک کێڵگەی “مەجنون” کە رێککەوتنی لەسەر کراوە لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیلدا بۆ پەرەپێدانی.

ئێکسۆن مۆبیل لە چەند ناوچەیەک ئەرکی بەرهەمهێنانی لەسەرە، گەرچی لە رۆژی 18.5.2029، کۆمپانیاکە بڕیاری کشانەوەی کارمەندانی لە کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە دا و هۆکارەکەشی بۆ ناسەقامگیریی عێراق گەڕاندەوە، بەڵام دواتر ئەرکەکانی دەستپێ کردەوە.

كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت نەوتی كوردستان خواستێكی زۆری لەس...

كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت نەوتی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە