دەنگۆ بوو

رەتکرایەوە؛ لە دەروازەی کێلێ هاتوچۆی گەشتیاری نەکراوەتەوە

فەرمان مەلا حەسەن – رانیە

مانگێک بەسەر داخستنی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی کێلێ ئیدارەی راپەڕین تێپەڕیوە، تا ئێستا دەروازەکە بەڕووی گەشتیاراندا نەکراوەتەوە، لێرە و لەوێ دەنگۆی کردنەوەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام رەتدەکرێتەوە.

عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین لە بارەی دەنگۆی کردنەوەی دەروازەکە، ئەمڕۆ شەممە 28.3.2026 بە 964ی راگەیاند، دیار نییە کەی هاتوچۆی گەشتیاری دەکرێتەوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە کردنەوەی دەروازەکە دەکەن، بەڕوووی گەشتیاران لە ئەمڕۆ شەممەوە دوورن لە راستی.

پێشتر، دەروازەی سنووریی کێلێ بە رووی هاتوچۆی بازرگانیدا کرایەوە، ئەوەش دوای نزیکەی مانگێک لە راگرتنی جموجۆڵەکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە، وا بڕیاريشە زیاتر لە 40 بارهەڵگر رۆژانە بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

دەروازەی کێلێ دەروازەیەکی نیمچەفەرمییە و دەکەوێتە نێوان قەزای پشدەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و شارۆچکەی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە کاری بازرگانی لە هەفتەیەکدا شەش رۆژ هاتوچۆی گەشتیاری تێدا دەکرێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا