تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن
رەشەبا کارەبای بەشێکی سلێمانی بڕی
ژێوار خدر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رەشەبایەکی بەهێز لە شاری سلێمانی بووە هۆی کەوتنی درەختێکی گەورە لەسەر تۆڕی کارەبای شەقامی “ئیبراهیم پاشا”، ئەمەش زیانێکی زۆری بە فیدەری ناوچەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی بڕانی کارەبای بەشێک لە ماڵان، ئێستاش تیمەکانی چاککردنەوە سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کارەبا بۆ ماڵەکان بگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی (رۆژهەڵات) رایگەیاند، بەهۆی توندیی رەشەباکەوە درەختەکە لە رەگەوە هەڵکەنراوە و بەسەر وایەر و ستوونەکانی کارەبادا کەوتووە، ئەمەش زیانی زۆری بە کارەبای ئەو شەقامە گەیاندووە، بەو هۆیەشەوە ئەو ماڵانەی دەکەونە سەر ئەو فیدەرە، لە ئێستادا بێ کارەبان و چاوەڕێی تەواوبوونی کارە تەکنیکییەکان دەکەن.
دەشڵێت، تیمی ئێشکگری هۆبەی کارەبای مەڵکەندی هەر زوو گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە چاککردنەوەی زیانەکان کردووە، تیمەکان سەرقاڵی لابردنی ئاستەنگییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان تا بتوانن کارەبا بگەڕێننەوە بۆ ئەو ماڵانەی بێ کارەبان.