یەکشەممە دەستبەکاردەبێ

قایمقامی پێشووی دوکان بە وەکالەت دەبێتە قایمقامی چەمچەماڵ

ئەحمەد مستەفا

بڕیاردراوە، ئاسۆ بەكر لە شوێنی رەمەك رەمەزان، ببێتە قایمقامی چەمچەماڵ، کە پێشتر لە 2011ـەوە تاوەكو 2017 قایمقامی قەزای دوكان بوو، دواتر راژەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی گواسترابوویەوە.

ئاسۆ بەکر، لە دوای 1997ـەوە تاوەكو 2011 بەڕێوەبەری هەریەكە لە ناحیەکانى هێرۆ، بنگرد و خەلەكان بووە.

دوای ئەوەی رووداوی لافاوەكەوە کاردانەوەی دروستکرد و رەمەك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ لە پۆستەكەی بەخشرا، سەرچاوەیەک لە پارێزگای سلێمانی بە 964ی وت، ئەمڕۆ ئاسۆ بەكر مستەفا كە پلەی قایمقامی “موعەوم”ە بە وەکالەت نوسراوی دەستبکاربوونی وەک قایمقامی چەمچەماڵ بۆ کراوە.

جگە لە قایمقامى چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرى ناحیەى شۆڕش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەگەڵ هەردوو سەرۆک شارەوانییەکانى چەمچەماڵ و شۆرش داواى بەخشینیان کردبوو.

دوای ئەوەی چوار بەرپرسی ئیداری چەمچەماڵ لە پۆستەكانیان بەخشران، سێ پۆستیان پڕكرانەوە؛
– عەلی رەئوف بۆ سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ
– هاوكار فازڵ بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی ناحیەی شۆڕش
– قاسم عەلی بۆ پۆستی پەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ