زاگرۆس نانەکەلی، یەکێک لە نووسەرانی کتێبەکە
هیچت لە بارەی ئەو وەرزشوانە دێرینە بیستووە؟
كتێبی “حەمە پشكە، ئەفسانە ونبووەكە” بڵاوكرایەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش كتێبی وەرزشی “حەمە پشكە، ئەفسانە ونبووەكە” ناسێندرا و بڵاوكرایەوە، كە لە لایەن هەردوو نووسەر و رۆژنامەوانی وەرزشی زاگرۆس نانەكەلی و سەنگەر زرار نووسراوە.
964 لە بۆنەكە ئامادەبوو، كتێبەكەش باس لە ژیان و كاروانی وەرزشی وەرزشوانێكی دێرینی ساڵانی چل و پەنجا و شەستەكانی كوردستان دەكات بە ناوی “حەمە پشكە” كە لە سەرەتای حەفتاكان لە لایەن رژێمی بەعسەوە شەهید كراوە و كەمترین زانیارییش لە بارەی ژیانییەوە هەبووە.
كتێبەكە لە لایەن نووسینگەی كولتووریی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی چاپكراوە و لەئەستۆیان گرتووە.
زاگرۆس نانەكەلی یەكێك لە نووسەرانی كتێبەكە بە 964ی وت، هەوڵی زۆریان داوە تا سەرچاوەی زانیاری و نهێنییەكانی ژیانی ئەو وەرزشوانەیان دەستكەوتووە و لە كتێبێكدا كۆیان كردووەتەوە.
حەمە پشكە مێژوویەكی پڕ سەروەری لە وەرزشی عێراقدا هەبووە و لە هەڵبژاردەی عێراق یاریی كردووە، بەڵام كەمترین بایەخی میدیایی پێدراوە و زۆربەی نەوەی پێشووش نایناسن، بە پێی زانیارییەكانی ناو كتێبەكەش، لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوو، لە “قەسر ئەلنهایە” لە بەغدا لە لایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە شەهید كراوە و تەرمەكەشی بە كەسوكاری نەدراوەتەوە و هیچ ئاسەوارێكی جێنەهێڵدراوە.
كتێبەكە زیاتر لە 230 لاپەڕەیە و چاپێكی ئارت و رەنگاوڕەنگی هەیە و لە سلێمانی چاپكراوە.