بڕیارەکەی قایمقامی کەلار هەفتەیەک بڕی نەکرد

مینی پاسەکانی کەلار بەقسەی قایمقام ناکەن

ڤیدیۆ

مینی پاسەکانی کەلار – میدیازان

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

شۆفێری مینی پاسەکانی کەلار پابەندی بڕیاری قایمقام نابن کە هەفتەیەک بوو دەرچوبوو، دەڵێن نرخی گواستنەوەی سەرنشین بۆ ناو شار هەر بە ٧٥٠ دینار دەهێڵنەوە نەک ٥٠٠ دینار.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە دژی کەمکردنەوەی کرێی گواستەنەوەی ناوشار، ژمارەیەک شۆفێر بە خۆیان و مینی پاسەکانیانەوە چوونە بەردەم باڵەخانەی قایمقامییەتی شارەکە.

سەنگەر عەلی، یەکێک لە نوێنەرانی شۆفێرانی مینی پاس بە میدیازانی وت، لەگەڵ قایمقام کۆبوونەتەوە و قایمقام پێی راگەیاندوون، گواستنەوەی سەرنشین بۆ ناوشار بە ٧٥٠ دینار بهێڵنەوە تا ئەوکاتەی کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ ڕێکخستنەوەی نرخەکان ئەنجام دەدرێت.

هەفتەیەک پێش ئێستا و لە رۆژی ١ی ئەم مانگە قایمقامی کەلار راگەیاند، لەسەر داوای چالاکڤانان و هاووڵاتییانی سنوورەکە نرخی کرێی گواستنەوە لە ٧٥٠ دینارەوە کەمکرایەوە بۆ ٥٠٠ دینار.

محەممەد ئیبراهیم یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکەیە، ئەو دەڵێت، “پێشتر جووتێک تایەمان بە ٨٠ هەزار دەگۆڕی، بەڵام ئێستا جووتێک تایە بە ١٨٠هەزارە و ٥٠٠ دینار بۆ کرێی گواستنەوە بەشی بژێوی ئێمە ناکات.”

لە مانگی ٤ی ئەمساڵەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، زۆربەی شۆفێرانی پاس لە سلێمانی و گەرمیان کرێی گواستنەوەی ناوشاریان لە ٥٠٠ دینارەوە کرد بە ٧٥٠ دینار.