"دانیشتووانەکەی نیگەرانن"

بنکەی تەندروستی گوندێک دوو کارمەندی هەبوو یەکێکیانی نەما

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دانیشتووانی گوندی ھۆرێنی سەر بە ناحیەی مەیدان لە ئیدارەی گەرمیان، کە نزیکەی 200 ماڵ دەبن، نیگەرانن لەوەی کە بنکەی تەندروستی گوندەکە تەنیا دوو کارمەندی ھەبووە و ئێستا یەکێکیان گوازراوەتەوە دەبێت بە یەک کارمەندەوە بنکەکە بەڕێوەببرێت.

کێشە دروست بووە و وا بڕوات، تەنیا دوو رۆژ دەرگای بنەکەکە دەکرێتەوە.

سەردار رەسوڵ، دانیشتوویەکی گوندی ھۆرێنە بە 964ى وت، “پێشتر دوو کارمەندی ھەبووە بنکەی تەندروستی گوندەکە، لە ھەفتەیەکدا چوار رۆژ دەوامیان کردووە، بەڵام ئێستا کارمەندێکیان گواسراونەتەوە و ئەمەش کێشە بۆ دانیشتووانی گوندەکە دروست دەکات”.

حوسێن محەمەد، کارمەندی بنکەکەیە بە 964ى وت،”ھاوڕێکەی دیکەم گواسراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، ئێستا بەتەنیا ماومەتەوە و منیش تەنیا دوو رۆژ دەتوانم دەوام بکەم، واتە لە ھەفتەیەکدا دوو رۆژ بنکەکە دەکرێتەوە بۆ دانیشتووانی گوندەکە”.

“ئەو بنکەیە نزیکی 200 ماڵی لەسەرە، جگە لە گوندەکانی دەوروبەری، مانگانە خەڵکێکی زۆر دێن بۆ چارەسەر، مانگی پێشوو 170 نەخۆش ھاتوونەتە نەخۆشخانەکە”، حوسێن محەمەد وای وت.

لەبارەی گرفتی ئەو بنکەیە، ئازاد محەمەد فەرەج، وتەبێژی تەندروستی گەرمیان بە 964ى وت، ” لە کەلار چەند بەشێکی تازە کراوەتەوە و کارمەندمان کەمە، بە ناچاری بنکەی ھەموو گوندەکانمان کردووە بەیەک کارمەند”.

“ناکرێت کارمەند دوو رۆژ دەوام بکات، ئەوانەی کە نزیکن لە گوندەکان دەبێت ھەفتەی چوار رۆژ دەوام بکەن، ئەوانەشی دوورن و کێشەی ھاتوچۆیان ھەیە دەبێت سێ رۆژ دەوام بکەن لە ھەفتەیەکدا”، ئازاد محەمەد وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لافاو 13 گوندی گەرمیانی تاریک کردووە

لافاو 13 گوندی گەرمیانی تاریک کردووە