دژە تیرۆر: ئەوانەی گیراون پەیوەندییان بە داعشەوە کردبوو

964+

فەرمان سادق

دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەردەم دادگای هەولێر کە باوکی یەکێک لە گیراوەکان ئاماژەی بەوەدا کە کوڕەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بە تاوانەکەی دا ناوە، دژە تیرۆر دەڵێت: بەیعەتیان بە داعش داوە.

دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کەسانەی دەستگیر کراون بە فەرمانی دادوەر بووە و تاوانبارن بە هەڵگری بیرۆکەی گروپی تیرۆریستی داعش بوون و بەیعەتیان بەو گروپە “تیرۆریستیە” داوە.

روونکردنەوەکەی دژە تیرۆر، دوای ئەوە دێت رۆژی 1ـی ئەم مانگە لەبەردەم دادگای هەولێر کەسوکاری ئەو گەنجانەی دەستگیر کرابوون کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و نارەزایەتییان نیشاندا لە دەستگیرکردنی کەسوکارییان و رەتیان کردەوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوو بێت.

پارێزەریان هەبووە و بەهیچ شێوەیەک ئەشکەنجە و ئازار نەدراون و لەژێر هیچ فشارێکدا دانپێدانانیان لێ وەرنەگیراو

ئەوانەی دەستگیرکراون هەریەکە لە “نەجدەت نەجات محەمەد، شازاد مەحمود قادر، رەدوان سامی سەعدی، پەیوەند فازڵ عەبدولڕەحمان، محەمەد جەوهەر ئیبراهیم، یونس مەجید خزر، یاداشت جەواد عەبدوڵڵا”ـن.

دژە تیرۆر دەڵێت: ئەوانە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵیان و لەلایەن بەرپرسێکی ئەو گروپە تیرۆریستییەوە بە ناوی (ابو شەهاب الکردی) فەرمانیان پێکراوە بەر لەوەی هەولێر جێبهێڵن و هیجرەت بکەن بۆ ناو ریزەکانی داعش، کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن.

“تاوانباران هەڵگری بیرۆکەی گروپی تیرۆریستی داعش بوون و بەیعەتیان بەو گروپە تیرۆریستییە داوە”. لە راگەیەنراوەکەی دژە تیرۆر هاتووە.

دژە تیرۆر دەشڵێت: ئەوان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون.

لەبارەی گردبوونەوەکەی کەسوکارییان، دژە تیرۆر باس لەوە داکات کە گردبوونەوەکە “بە ئاراستەیەکی سیاسی بووە و تەنیا مەبەست لێی فشارخستنە سەر دادگەیە لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف کە پەڕاوەکانی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە لە 19ـی شوباتی 2023 رەوانەی دادگەی تاوانەکان کراوە.”

هەڵگری بیرۆکەی گروپی تیرۆریستی داعش بوون و بەیعەتیان بەو گروپە تیرۆریستییە داوە

روونکردنەوەکەی دژەتیرۆر دوای ئەوە هات کە لە گردبوونەوەکەیاندا لەبەردەم دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان باسیلەوە کرد، کوڕەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بە تاوانەکەی دا ناوە و دەستگیرکراوەکان “هیچ پەیوەندییەکیان بە داعشەوە” نەبووە.

بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون

دژەتیرۆری کوردستان ئەو قسانە رەتدەکاتەوە دەڵێت: تاوانباران پارێزەریان هەبووە و مافی کەسوکارەکانیان بووە سەردانیان بکەن و بەهیچ شێوەیەک ئەشکەنجە و ئازار نەدراون و لەژێر هیچ فشارێکدا دانپێدانانیان لێ وەرنەگیراو.