قادر ئەسعەد لە چاوەڕوانیەکدایە کە هاتنی ئاستەمە

پەرستۆ ساڵح-لایف ستایل

 هونەرمەندی گۆرانیبێژ قادر ئەسعەد پاش ماوەیەک دابڕان خۆشترین بەرهەمی ساڵ بەناوی”گوڵ فرۆش” بڵاودەکاتەوە.

 قادر ئەسعەد بۆ میدیازان وتی “لە مێژە دەمەوێت بگەڕێمەوە، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی هونەری و گۆرانیبێژ هێندە زۆر بووە بەتایبەت لەم گەنجانە زۆر کات ناوی گۆرانیبێژەکەشت لە یاد نییە نەک بەرهەمەکەی و بەشێوەیەکی گشتی گۆرانیەکان نامێننەوە، هەربۆیە دەمویست جیاواز بێت و دڵنیاشم خۆشترین بەرهەمی ساڵ دەبێت و بە نیازم نزیک لە کۆتایی ساڵ پێشکەشی بکەم هەرچەند بە دیاریکراوی نازانم”

 هونەرمەند باسی لەوەش کرد کە “گوڵ فرۆش” چیرۆکێکی چاوەڕوانیە کە هەرگیز نایەت و ئاستەمە، هاوکات کاری کلیپەکەی لە ستۆکهۆڵم بۆ کراوە و لە ئاواز و هۆنراوەی خۆیەتی، بڕیاریشە بەردەوام بێت و کۆمەڵێک کاری دیکە پێشکەش بکات و دانەبڕێتەوە.

 قادر ئەسعەد ٥٥ ساڵ تەمەنیەتی، یەکەم ئەلبومی لە ساڵی ١٩٨٥ بەناوی “ژاڵە” بڵاوکردووەتەوە، لە پاش نۆ ئەلبوم کە کۆتا ئەلبومی لە ٢٠١٨ بوو هیچ بەرهەمێکی نەبووە، خاوەنی کۆمپانیای “قادر ئەسعەد پڕۆدەکشنە”، جگە لە گۆرانی وتن ئاوازدانەر و هۆنراوە نوسێکی بەتوانایە.