دووەمین دیداری میزۆپۆتامیا بۆ ئاو بەڕێوەچوو
زانکۆی سلێمانی لە ئامەدەوە چارەسەری ئاشتیانە بۆ قەیرانی ئاو دەخاتەڕوو
فارهاد حەسەن
زانکۆی سلێمانی دەڵێت شاندێکیان لە دووەمین دیداری میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان لەژێر دروشمی (ئاو ژیانە) و بەشدارن و پلانێکیان پێشکەشکردووە بۆ چارەسەری ئاشتیانە بۆ قەیرانی ئاو.
زانکۆکە بڵاویکردووەتەوە، دیدارەکە بە بەشداریی ڕاستەوخۆی شارەوانیی ئامەد، رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان سازکراوە تێیدا مامۆستایانی کۆلێژی زانست (بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت) و کۆلێژی زانستە ژینگەییەکانی چوارتا، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە خستنەڕووی توێژینەوە زانستییەکان گێڕاوە.
ئەکادیمیانی زانکۆی سلێمانی بە پێشکەشکردنی چەند سیمینارێک بەشدارییان کرد، لەوانە پ.د. دارا فایەق بابەتی (پیسبوونی ئاو و لێکەوتەکانی)، پ.ی.د. فەهمی عوسمان بابەتی (کاریگەریی داماڵینی خاک لەسەر پۆند و بەنداوەکان)، د. ژینۆ خالید بابەتی (پاراستنی خاک لە پیسبوون) و م. ڕازان عومەر بابەتی (پاراستنی خاک و ئاو)یان پێشکەشکرد و تێیدا رووناکیان خستەسەر مەترسییەکانی پیسبوونی ئاو و خاک و گرفتە ژینگەییە هەنوکەییەکان.
دووەمین دیداری میزۆپۆتامیا بۆ ئاو، جەختی لەسەر گرفتە کەڵەکەبووەکانی ئاو و لێکەوتە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کردەوە، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان دروستکراون.
بەشداربووان گفتوگۆی چڕیان لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ قەیرانەکان و گۆڕینی قەیرانی ئاو بۆ دەرفەتی پڕۆژەی هاوبەش و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە لە رێگەی دیپلۆماسیەتی ئاوەوە کرد.