کارەبای سلێمانی گلەیی لە نانەواخانەکان هەیە

میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەڵێت، کرێی کارەبای نانەواخانەکانیان دابەزاندووە، کەچی هێشتا شەش نان بە هەزار دینارە، خاوەن نانەواکانیش دەڵێن، ئارد گرانە و ناچارن.

بە قسەی سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بۆ میدیازان، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، کرێی کارەبایان بە رێژەی سەدا ٥٠ بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان دابەزاندووە، بەڵام هێشتا هەندێکیان نەهاتوون بە دەم ئۆفەرەکەوە.

سیروان محەمەد لە رێگەی میدیازانەوە داوا لە سەرجەم ئەو شوێنانە دەکات لە سنوری پارێزگای سلێمانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکانى دابەشکردنى کارەبا بکەن، بە مەبەستی داشکاندنی کرێی کارەباکەیان بە رێژەی سەدا ٥٠، بۆ ئەوەش بەڵگەنامەکان لەگەڵ خۆیان ببەن.

لە دوای ئەو داشکاندنەشەوە، هێشتا لە بەشێک لە نانەواخانەکان شەش نان و بەشێکی دیکەیان هەشت نان بە هەزار دینار دەفرۆشن.

خاوەنی بەشێک لە نانەواخانەکان بە میدیازانیان وت، بەهۆی ئەوەی نرخی ئارد گرانە، لەم کاتەدا ناتوانن وەکو جاران نان بفرۆشن.

بە سۆراغی میدیازان، ئێستا ئەوانەی هەشت نان بە هەزار دینار دەفرۆشن، گونکەکانیان ٧٥ بۆ ٨٠ گرامە، ئەوانەیشی کە شەش نان بە هەزار دینار دەفرۆشن، گونکەکانیان ١١٠ گرامە.

نرخی یەک فەردەی ٥٠ کیلۆیی ئاردی گونجاو بۆ نان دروستکردن بە ٤٥ هەزار دینارە، لەکاتێکدا پێش شەڕی روسیا و ئۆکراین بە ٣٨ هەزار دینار بووە.