بەشێکى شاخەکەش هەرەسى هێنا

لافاو رێگای ئاوەسپێی قوتدا


سیروان خورشید- خورماتوو

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لافاو زیانێکی زۆری بە رێگای چەمی ئاوەسپێ لە خورماتوو گەیاندووە و رێگاکە بە تەواوی داخراوە.

لافاوەکە بەشێکی زۆری رێگاکەی بردووە، بەجۆرێک پێشتر پانتایی رێگاکە زیاتر لە 10 مەتر بووە، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو مەتری لێ ماوەتەوە و ئەوەی دیکەی ئاو بردوویەتی.

جگە لە لافاوەکە، شاخی ئاوەسپێش لە هەمان شوێن هەرەسی هێناوە و چەندین تاشەبەردی گەورە کەوتوونەتە سەر رێگاکە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی هاتوچۆکاران دروستکردووە.

بەهۆی نەمانی بەشێکی رێگاکە و کەوتنی تاشەبەردەکانەوە، لە ئێستادا رێگای چەمی ئاوەسپێ بە تەواوی داخراوە و شۆفێران ناتوانن بەکاریبهێنن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح