"تەرمەکەی دۆزراوەتەوە"

لە لەیلان مێردمنداڵێک لافاو بردی و خنکا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە ناحیەی لەیلانی سەربە پارێزگای کەرکوک مێردمنداڵێک لافاو بردی و خنکا.

پەیامنێری 964 پشتڕاستیکردووەتەوە کە، لە گوندی فەرقانی سەر بە ناحیەی لەیلان، کچێک لافاو بردوویەتی و خنکاوە.

ئیدریس یوسف مامی منداڵەکە بە 964ـی وت، “ئەو برازایەم  ناوی  بەیارـە و تەمەنی هەشت ساڵە، ماڵیان لە نزیک چەمەکەیە، دوای ئەوەی بارانەکە لاواز بووە لەگەڵ هاوڕێکانی لەماڵ هاتوونەتەوە دەرەوە و دواتر دیار نەماوە”.

باسی لەوەشکرد، دوای گەڕان بەدوایدا لە دووری پێنج کیلۆمەتر لە گوندی فەرقان و بەدیاریکراوی لە نزیک پردی کۆردەرەـی نزیک گوندی تەپەلو تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی باش رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و ئەمڕۆش لە چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکە لافاو دروستبوو، لە قەزای چەمچەماڵیش دوو کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری