"یەک پارچە"

شاباز زەمانی ئەلبومێكی 25 تراكی بڵاودەكاتەوە و كۆنسێرتیش دەكات

دیلان محەمەدجەزا

هونەرمەندی گۆرانیبێژ شاباز زەمانی ئاشكرای كرد لە 12.12.2025 كۆنسێرتێكی گۆرانی لە سلێمانی ئەنجام دەدات و ئەلبومەكەشی بڵاودەكاتەوە، كە 25 تراكی گۆرانییە و بۆ چوار پارچەی كوردستان گۆرانی دەڵێت.

پەیامنێری 964 لە سلێمانی، شاباز زەمانی لە كاتی پرۆڤەكردندا دواند، كە خەریكی ئامادەكارییە بۆ كۆنسێرتێكی گەورە.

شاباز زەمانی ئاشكرای كرد، لە ئێوارەی 12.12 كۆنسێرتی گۆرانی لە سلێمانی بەڕێوەدەبات، لە هەمان كاتدا ئەلبومەكەشی بڵاودەكاتەوە، كە بە قسەی خۆی چوار ساڵە كاری تێدا دەكات و لە 25 بەرهەم پێكهاتووە.

شاباز رایگەیاند، ئامانجی كۆنستێرەكەی پارەپەیداكردن نییە، بەڵكو پەیامێكی بۆ كوردستان هەیە و ئەلبومەكەشی ناوناوە “یەک پارچە”، كە مەبەستیەتی بڵێت كوردستان هەمووی یەك پارچەیە.

ئەو هونەرمەندە لەسەر پێشنیاری پەیامنێری 964 بەڵێنی دا لە رۆژی كۆنسێرتەكەی ئاڵای كوردستان بەسەر هەموو ئامادەبووان دابەش بكات.

شاباز دەڵێت، كارەكانی ئەلبومەكەی زۆر بە پرۆفێشناڵی كراوە و ماندووبوون و خەرجیی زۆری بۆ كردووە، ئامانجیشی ئەوەیە پەیامێكی روون بە هەموو كوردستانیان بگەیەنێت، كە كورد هەموو بەیەكەوە جوانن.

هونەرمەندە لاوەكە، گلەیی هەیە لە میدیاكان و دەڵێت، “كاتێك تووشی كێشە هاتم، هێرشی زۆریان كردەسەرم و ناهەقی زۆریان بەرامبەر کردم، بۆیە ماوەیەكە كەمتر لە میدیاكان دەردەكەوم”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا