بە سێو و هەنگوین و تەحین دڵیان دانەکەوت

دهۆک “پەتاتە”ش دەکاتە فێستیڤاڵ و لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەستپێدەکات

فەرهاد حەسەن

دهۆک بەرهەمی خۆماڵی ئەوەندە زۆرە هەر پێڕادەگات بیانکات بە فێستیڤاڵ و نمایشیان بکات، پێشتر سێو و هەنگوین و تەحینی کردووەتە فێستیڤاڵ ئێستاش خەریکە پەتاتە بەناوبانگەکەشی بکاتە فێستیڤاڵێکی تایبەت و جۆرەکانی بۆ کڕیاران نمایش بکات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک لە راگەیەندراوێکدا ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم فێستیڤاڵە تازەیەی باسکردووە و ئاشکراشی کردووە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە 15.12.2205 بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵەکە لە ژێر چاودێری پارێزگار و زانکۆی دهۆک بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و بە پشتیوانی کۆنسوڵخانەی گشتی وڵاتی هوڵەندا لە هەولێر، ساز دەکرێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا جۆرەکانی پەتاتە و ئەو بەرهەمانەی لە پەتاتە دروست دەکرێن و چەندین بەرهەمی ناوخۆش تێیدا نمایش دەکرێن.

کشتوکاڵ دەڵێت، ئامانجیان لەو فێستیڤاڵە ناساندنی جۆرەکانی پەتاتە و نوێترین ئەو تەکنەلۆژیایانەیە، کە پەتاتەکەی پێ بەرهەم دەهێنن.