کێشە دروستبووە
عەرەبێکى هاوردە بە زەوى جوتیارانى کورد قەرەبوو دەکرێتەوە
964+
کاروان ساڵحى
جارێکى دیکە لە گوندێکى سنوورى پردێ کیشە بۆ جوتیارانى کورد دروست دەکرێت و سوپا رێگرى دەکات جوتیاران زەوییەکانیان بکێڵن.
مێژوى کێشەکە چییە؟
لە ساڵانى نەوەدەکان، هاوڵاتییەکى عەرەب کە خەڵکى شارى موسڵە، لەسەردەمى رژێمى پێشوو لەبەرامبەر پێدانى پارچە زەوییەک بە فڕۆکەخانەى موسڵ، بە 1400 دۆنم زەوى قەرەبوو دەکرێتەوە، ئەو 1400 دۆنمەش زەوى جوتیارانى گوندى گورزەیى سەر بە ناحیەى پردێیە.
دڵزار ئیسماعیل، جوتیارێکى دانیشتووى گوندى گورزەیى بە 964ـى وت،”ئەو زەوییەى وەک قەرەبوو دراوە بەو کەسە لە زەوى ئێمە پێى دراوە کە ئێمەش خاوەنى تاپۆى خۆمانین و خاوەنى شەرعى و یاسایى ئەو زەوییانەین”.
کێشەکە چۆن سەریهەڵدایەوە؟
ئەو زەویانە لەلایەن جوتیارانى کوردەوە کراون لە گەنمەشامى و ئێستا وەرزى دورینەوەیانە، بەڵام لەلایەن سوپاى عێراقەوە رێگە بە خوتیارانى کورد نادرێت بەرهەمەکانیان هەڵبگرنەوە.
بەوتەى ئەو جوتیارە، ئەمشەو، سوپا جارێکى دیکە رێگرى لێکردوون و فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکوک ئاگادارى کردوون کە لەسەرووى خۆیەوە ئاگادارکراوەتەوە کە نابێت بەرهەمەکانیان هەڵبگرنەوە.
وەک باسى دەکات، بەمەرج رێگەیان پێدەدرێت بەرهەمەکانیان هەڵبگرنەوە، کە بەڵێننامەیەک پڕبکەنەوە و جارێکى دیکە لەسەر ئەو زەویانە تۆو نەکەن.
دڵزار ئیسماعیل جەختى کردەوە، کە وەک جوتیارانى کورد ئامادەنین بەڵێننامە پڕبکەنەوە.
“ئەگەر رێگەمان پێنەدرێت بەرهەمەکانمان هەڵبگرینەوە باران ببارێت رەنج بەخەسار دەبین”، دڵزار واى وت.
کێشەکە گەیشتووە بە کوێ؟
بەوتەى ئەو جوتیارە، بڕیارە سبەینێ لە بارەگاى سوپا کۆبوونەوەیەک رێکبخرێت، کابراى عەرەب وتویەتى “نیوەى ئەو 1400 دۆنمەم دەوێت”، بەڵام جوتیارانى کورد رازى نابن و دەڵێن،”تاپۆمان هەیە و زەوى باب و باپیرانمانە”.