یەکەمین بازاڕی کۆنەفرۆشییە و لە سەردەمی داعشیش دانەخرا
باب جەدید؛ بازاڕێک 60 ساڵە هەینییان لە موسڵ جمەی دێت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بازاڕی هەینی لە گەڕەکی “باب جەدید”ـی موسڵ، تەنیا شوێنی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی دەستی دوو و کۆن نییە، بەڵکو مێژوویەکی دێرینی هەیە و شایەتحاڵێک دەڵێت، لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا، چەکدارەکان شانبەشانی کاسبکاران دەوەستان، بەڵام ئەوان ئەو کەلوپەلانەیان دەفرۆشتەوە کە لە خەڵکیان دزیبوو.
ئەحمەد جەمیل، کە دانیشتوویەکی دێرینی گەڕەکەکەیە، بۆ 964 باس لە مێژووی بازاڕەکە دەکات و دەڵێت، گەڕەکەکە هی ساڵانی 1800ـە و 60 ساڵیشە ئەم بازاڕەی تێدایە.
دەشڵێت، یەکەمین بازاڕی کۆنەفرۆشی بووە لە ناوچەکە و لە کاتی دەسەڵاتی داعشدا بازاڕەکە دانەخراوە، بەڵام دیمەنەکە جیاواز بووە.
“چەکدارەکان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەهاتن، هەم بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکەوە، هەمیش بۆ ساغکردنەوەی ئەو کەلوپەلانەی لە ماڵی هاوڵاتیان ‘فەرهود’یان کردبوو و دزیبوویان”. ئەحمەد جەمیل وادەڵێت
پێداچوونەوە: ژێوار خدر