نووسینگەی سەرۆكی حكومەت راگەیاندراوی هەیە

حكومەت دژی تێكدانی چەند گۆڕێكی كریستیانەكانی كۆیە هاتەدەنگ

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە بارەی تێكدانی چەند گۆڕێكی هاوڵاتیانی كریستیان لە قەزای كۆیە، نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و سەركۆنەی كارەكە دەكەن

دەقی راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم جۆرەیە:

“بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیيانەکان کراوە.

ئەم کردەوەیە، بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەین و داواش لە دامودەزگه‌کانی حکومەت دەکەین کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان، هەروەها گۆڕستانەکەش، لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.

کریستیيانەکان پێکهاتەیەکی رەسەنی کوردستانن و هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، مەڵبەند و نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان بووە و رێگەش بە هیچ کەسێک نادەین ئەو دۆخە تێک بدات.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان