گەوەڕەکان تێکدران و ژمارەیەک ئاژەڵ دەستیان بەسەرداگیرا

لە کەرکوک رەشەوەڵاخ کەتنی نایەوە و ئۆتۆمبێلێکی وەرگەڕاند

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە نزیک زانکۆی کەرکوک، ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندای ئەلنترا بە هۆی گامێشێکەوە وەڕگەڕا.

فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.12.2025 و لەسەر شەقامی زانکۆ کە خێرایی تیایدا 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری هۆندا ئەلێنترا بەهۆی گامێشێکەوە وەرگەڕاوە و زیانی ماددی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە، جگە لەوەش، کۆمەڵێک دار و درەختی سەر شەقامەکەی شکاندووە”.

“چەند جارێک ئاژەڵداران و ئەو کەسانەی مانگا و رەشەوەڵاخ لەناو شار بەخێو دەکەن، ئاگادارمان کردوونەتەوە کە نابێت ئەو کارە بکەن و دەبێت ئاژەڵەکانیان ببەنە دەرەوەی شار، بەڵام بڕیارەکەیان پشتگوێ خستووە و جێبەجێیان نەکردووە”، فەلاح یایچی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ  لیژنەی لابردنی زیادەڕەویی دەستیانکردووە بە تێکدانی سەرجەم ئەو گەوەڕ و شوێنانەی کە ئاژەڵیان تێدا بەخێو دەکرێت و ژمارەیەک ئاژەڵیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری