جیاوازى كه‌مترین موچه‌ى “پێشمه‌رگه ‌و ناوخۆ” 400 هه‌زار دیناره‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لیژنەی پێشمەرگەى په‌رله‌مان بە دواداچون بۆ مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکات و ده‌یانه‌وێ هاوتاى موچه‌ى ھێزەکانی ناوخۆى بکه‌ن، چونكه‌ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌ڵێت “جیاوازییه‌كه‌یان له‌كه‌مترین موچه‌دا، 400 هه‌زار دیناره‌”.

عوسمان كه‌ربم سواره‌، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕى 964ـى راگەیاند “جیاوازى نێوان كه‌مترین موچه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى ناوخۆ 400 هه‌زار دیناره‌”.

روونیكرده‌وه‌، كه‌ كه‌مترین موچه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، 500 هه‌زار دینار ‌و كه‌مترین موچه‌ى هێزه‌كانى ناوخۆش 900 هه‌زار دیناره‌، ده‌شڵێت “ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كى زۆره‌ و پێویسته‌ هاوتاى یه‌كتر بكرێن”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، پێشتر لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم، بە نوسراو داوایان کردووە كه‌ مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە زیادبکرێت و ھاوتای ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت، بەڵام به‌قسه‌ى جێگری سه‌رۆكى ئه‌و لیژنه‌یه‌، تاكو ئێستا حکومەت وه‌ڵامى نه‌داونه‌ته‌وه‌ و ده‌شڵێت “بیانوی حكومه‌ت بوونی قەیرانی داراییه‌ و ئامادە نییە موچەی ھێزەکانی پێشمەرگە زیاد بکات”.

هاوكات لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ چه‌ند داوایه‌كی دیكه‌شیان ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كردووه‌، ئه‌ویش خه‌رجكردنى شایسته‌ى خانه‌نشینیه‌ بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، ده‌شڵێت “له‌ئێستادا جگه‌ له‌ وەزارەتەکانی حکومەت، ته‌نیا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ شایستەی خانەنشینی بۆ ھێزەکان خەرج ناکات”.

داواشیان کردووە، دەرماڵەی خێزان و منداڵ بۆ ھێزەکانی 70 و 80 خەرج بکرێت، بەڵام داواکارییەکانیان بەبێ وەڵام ماونەتەوە.