پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بۆ 964:
“بەم زووانە وەجبەی پێنجەمی زەویی فەرمانبەران دابەش دەكەین”
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، خەریكی ئامادەكارین بۆ دابەشكردنی وەجبەی پێنجەمی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.
ئەندازیار كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ دووشەممە 1.12.2025 بە 964ی راگەیاند، خەریكن ئامادەكاریی دەكەن بۆ دابەشكردنی وەجبەی پێنجەمی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.
وتیشی، بەردەوام كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەین و لە زووترین كاتدا وەجبەیەكی دیكە دابەش دەكەین.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا چوار وەجبە زەوی دابەش كراوە، كە نزیكەی 29 هەزار پارچە بووە و لە سنووری شارەوانیی هەولێر.
وەجبەی چوارەمی دابەشكردنی زەوی لە 10.11.2025 بوو، كە لە رێوڕەسمێكدا بە تیروپشك چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری هەولێر دابەشكرا.
لە ئاداری رابردووەوە بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان لە لایەن سەرۆک وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانییەوە دەرچووە و پرۆسەكە لە شارەكانی كوردستان بەردەوامە، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەی 15 ساڵ دابەشكردنی زەوی بە فەرمی بەسەر فەرمانبەران وەستابوو.