شەش موچە و مافی دارایی سێ ساڵیان وەرنەگرتووە

چوار بەشی ئێوارانی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كرد

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

بەهۆی وەرنەرگرتنی شایستە داراییەكانیان، مامۆستایانی چوار بەشی ئێوارانی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كرد.

ئەو بەشانەی بایكۆتی دەوامیان كردووە، هەریەك لە بەشەكانی تەكنیكی میدیا، كارگێڕی كار، ژمێریاری و شیكاری نەخۆشیەكانن و سەرجەمیان دەوامیان راگرت.

د.چۆلی ئەسعەد، مامۆستا لە بەشی تەكنیكی میدیا بە 964ی وت، بەهۆی وەرنەگرتنی موچەكانیانەوە، ئەمڕۆ بەكۆی دەنگی مامۆستایانی هەر چوار بەشەكە بایكۆتی دەواممان. راگەیاندووە و تا كاتی وەرگرتنی موچەكانیان ناگەڕێنەوە بۆ وانەوتنەوە.

وتیشی “موچەی چوار مانگی ساڵی پار و دوو موچەی ئەمساڵیشیان لای پەیمانگایە، جگە لەوەش مافی دارایی لیژنە و خولی هاوینەی سێ ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە سەر بە ئێوارانین و موچەكەمان لە پارەی ئەو قوتابیانە دەدرێت كە لەسەر گیرفانی خۆیان دەخوێنن، بەڵام راگرایەتی كۆلێژی پۆلەتەكنیكی سلێمانی خۆی بێدەنگ كردووە و ئەو مافە داراییەی كەهەمانە لایان پێمان نادەن.

بەقسەی چۆڵی، چەند جارێك هەوڵدراوە  قسەیان لەگەڵ راگرایەتی كردووە، بەڵام دەڵێت “بێسوود بووە و گوێمان لێنەگیراوە”، بۆیە بەناچاری ئەو بڕیارەیانداوە تا موچەكانیان نەدرێت ناگەڕێنەوە دەوامی ئاسایی خۆیان.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن