"لایەنە ئەمنییەكان لە دۆخەكە ئاگادارن"

درۆن بە ئاسمانی ناحیەی خەلەكاندا دەسوڕێنەوە

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە یەكشەممەوە، درۆن ئاسمانی ناحیەی خەلەكانی تەنیووە و تا ئەم ساتەش بەسەر ئاسماندا دەسوڕێنەوە.

كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەكان بە 964ی وت، لەدوای كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە درۆن ئاسمانی ناحیەكەمان جێناهێڵێت و بەردەوام دەسوڕێنەوە، بەڵام هیچ زیانێكی نەبووە و تەنیا ناوە ناوە دێن و دەڕۆن.

وتیشی، درۆنەكان زۆر نزمن و چەند سەد مەترێك لە زەوییەوە دوورن، بەڵام تائێستا بۆردومان یان مەترسی دروست نەكردووە.

بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەكان ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا هیچ زانیارییەك نییە ئەو درۆنانە هی كێن و بۆچی هاتوون، بەڵام سەرووی خۆمان و لایەنە ئەمنییەكانمان ئاگادار كردووەتەوە لە بوونی درۆنەكان.

ئاماژەی بەوەش دا، لە لایەنە ئەمنییەكانەوە پێیان وتراوە، چاودێریی دۆخەكە دەكەن و دواتر زانیاری بە ئیدارەی ناحیەكە دەدەن، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان پێنەگەیشتووە.

لەلای خۆیەوە لیوا ئەحمەد لەتیف وتەبێژی یەكەكانی 70ی پێشمەرگە بە 964ی وت، هیچ زانیارییەكیان نییە و ئاگاداری وەزعەكە نین.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا