ئاگرەکەی هەناوی کۆرمۆر
درۆن و موشەک ناهێڵن کەرتی وزەی کوردستان بخەوێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
کات، نیو سەعاتی مابوو بدات لە 12ی شەوی 26 نۆڤەمبەر، گیزەی درۆن تێکەڵی دەنگی بەرزی زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ، لە ماوەی چەند چرکەیەکدا گیزە گۆڕا بۆ زرمەو دەنگی چەند تەقینەوەیەکی یەک بە دوا یەک بیسترا، رێک لەگەڵ ئەوەشدا لە دوورەوە کڵپەی ئەو ئاگرە بە دیکرا کە لەهەناوی کێڵگەکەوە بەرز دەبووەوە، کڵپەیەک بە پێچەوانەی رۆشناییەکەیەوە، هەزاران ماڵی بێ رووناکی کرد.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر شادەمارێکی سەرەکی ئابووری و پیشەسازی و وزەیە لە هەرێمی کوردستان، گەورەترین کێڵگەی غازی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
کۆرمۆر سەر بەناحیەی قادرکەرەمی چەمچەماڵە، بەڵام بەهۆی ئەو سامانە گەورەیەی هەیەتی ناوو ناوبانگ و خێروبێرەکەی گەیشتووەتە هەموو شوێنێکی کوردستان.
کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی وەبەرهێنی سەرەکی و کێڵگەکەیە و پشکەکانی گەیشتووەتە سەرو 70 لەسەد، ئەوەی دەمێنێتەوە چەند کۆمپانیایەکی ئەڵمانی و هەنگاری و نەمسایی خاوەنین.
غازی کۆرمۆر بەنزیکەیی 70 لەسەدی کارەبای کوردستان لە رێی هەردوو وێستگەی هەولێرو چەمچەماڵ دابین دەکات.
دانەغاز رایگەیاند هێرشەکانی شەوی رابردوو عەمباری سەرەکی کێڵگەکەیان کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەش وەزارەتی کارەبا وتی بەهۆی ئەو هێرشەوە 3000 مێگاوات کارەبا کەمیکردووەو ئەوەی ماوەتەوە کەمترە لە 1400 مێگاوات.
هێرشەکەی سەر کۆڕمۆر هەرچەند هێشتا سەرچاوەکەی دیار نییە، بەڵام بێ مەڵامەت نییە و دابڕاو نییە لە زنجیرەیەک هێرشی پێش خۆی کە سەرچاوەی وزە و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئەو بوارە لە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
سێ ساڵە بە دیاریکراوی لە دوای شەڕی روسیا و ئۆکرانیا کە قەیرانی وزە لە جیهان دروست بووە، هەر کاتێک کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان شەقاوی باشی هەڵهێنابێت، بە درۆن و موشەک گورزی لێ دراوە.
نزیکترین زنجیرە هێرش ئەوەی مانگی تەمموزی ئەمساڵ بوو کە لە ماوەی 16 رۆژدا 15 جار بە درۆن هێرش کرایە سەر شارەکان و کێلگەکانی وزەو سووتەمەنی لەهەرێمی کوردستان.
لە رۆژی 1 هەتا 16ی تەمموزی ئەمساڵ هەر جگە لە فڕۆکەخانەی هەولێرو ئاسمانی تاسڵوجە، هەر لە چەمچەماڵ هەتا زاخۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی ئەنجامدران، لەناو ئەوانەدا کێلگەکانی خورمەڵەو سەرسەنگ و پیشخاپوور تاوکێ کرانە ئامانج.
زۆربەی هێرشەکان لەیەک دەچن و روونە تواناو لێزانی و زانیاری وردیان لە پشتەوەیە، بەڵام لە هیچیاندا بکەرەکان خۆیان ئاشکرا نەکردووە.
نۆبەرەی ئەم هێرشانە ئەوەی 13ی ئازاری 2022 بوو کاتێک ماڵەکەی شێخ باز لە هەولێر بە موشەک کرایە ئامانج، شێخ باز دیبلۆماتکارەکانی هەولێر بە کاپتنی وزە ناویدەبەن، بەو پێیەی وەبەرهێنی سەرەکی کەرتی وزەیە لە هەرێمی کوردستان.
بەڵام ئەو هێرشە بە پێچەوانەی ئەوانەی دوای خۆی بکەر دیار بوو، سوپای پاسدارانی ئێران حەیە عەلە سەڵا وتی من کردوومە.