نوێنەری ترەمپ لە عێراق

“هێرشەكەی كۆرمۆر بە پلانی دەرەكی كراوە و ئەوانە لە عێراق جێگەیان نابێتەوە”

ئەرسەلان عەبدوڵا

مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ئەنجامدراوە کە ئەجێندای دەرەکییان لەپشتە، بەڵام ئەوانە هیچ شوێنێکیان لە عێراقێکی خاوەن سەروەریدا نییە.

لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، ساڤایاتی، “گرووپە چەکدارە نایاساییەکان کە بە ئەجێندای بیانی دوژمنکارانە دەجووڵێنرێن، دوێنێ هێرشێکیان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە حکومەتی عێراق ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە بەرپرسیارن لەم هێرشە و دادگایییان بکات، “با بە شێوەیەکی دوور لە دوودڵی روون بێت، لە عێراقێکی تەواو سەروەردا جێگەی ئەو جۆرە گرووپە چەکدارانە نییە”.

نوێنەرەكەی سەرۆكی ئەمریكا درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئەمریکا بە تەواوی پاڵپشتی ئەم هەوڵانە دەکات و هەموو گرووپێکی چەکداری نایاسایی و لایەنگرانی بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و رووبەڕوویان دەبێتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

روونیشی کردەوە کە “ئەمریکا پاڵپشتی کوردستانێکی بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیردا، هەروەها هانی بەغدا و هەولێر دەدەین کە هاوکارییە ئەمنییەکانیان قووڵتر بکەنەوە و لە نزیکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری و وزەی گرنگ”.

شەوی رابردوو بە دوو درۆن هێرش كرایەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، كە بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بەر كێڵگەكە كەوت و هەروەها بووە هۆی وەستانی ناردنی غاز لە كێڵگەكە بۆ وێستگەكانی كارەبا لە كوردستان و بەشێكی ناوچەكانی دیكەش لە عێراق كارەبایان لێبڕا.

“ئەمریکا پابەندبوونی بێوچانی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و بنیاتنانی هێزە نیشتمانییەکانی پێکەوە، هەروەها بەردەوام دەبین لە پاراستنی سامانەکانی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەری وڵاتەکەی و دەستەبەرکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی سەرجەم هاوڵاتیانی وڵاتەکەی”.