نرخی نەوت دابەزی
لەبن 63 دۆلارە
نرخی نەوت دابەزی
964+
شۆڕش قادری
نرخی نەوت کەمێکی تر دابەزی و ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک لەخوار 63 دۆلارەوە مامەڵەی پێودەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.11.2025 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 62 دۆلار و 80 سەنت دیاریکراوە و بەراورد بە دوێنێ ئێوارە نرخەکەی بەڕێژەی 0.52٪ دابەزیوە.
هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساسـیش بە 58 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و ئەمیش نرخەکەی بەڕێژەی 0.51٪ دابەزیوە.
ئەم جووڵە سنووردارە لە کاتێکدایە پێشبینی باش بۆ دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا دەکرێت، کە ئەگەری سووککردنی سزاکانی سەر مۆسکۆ، رەنگە رێڕەوی دابینکردنی نەوت لە قاڵب بداتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە سەرکردەکانی ئەوروپای راگەیاند، ئامادەیە بە چوارچێوەیەکی پشتگیریکراوی ئەمریکا بەرەو پێشەوە بچێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ رووسیا.