کۆمسیۆن رایگەیاند

دەستەی دادوەری 36 تانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتکردەوە

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە 25.11.2025، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دەستەی دادوەری 36 تانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتکردووەتەوە.

وتەبێژی کۆمسیۆن جومانە غەلای، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، کۆمسیۆن وەڵامی 406 تانەی ئامادە کردووە و وەک وەجبەی یەکەم رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی کردووە، و دەستەی دادوەری 36 تانەی لەو ژمارەیە رەتکردووەتەوە.

پێشتر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، لە ماوەی سێ رۆژدا کە یاسا دیاریی کردووە، 872 تانەی سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پێگەیشتبوو، نیبراس ئەبو سودە پشتڕاستی کردەوە كۆمسیۆن هێشتا چاوەڕوانی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە سەبارەت بەو تانانەی کە ئاماژەی پێکراوە.

هەروەها وتی، قۆناغی داهاتوو بریتییە لە تەواوکردنی بڕیاردانی سەرجەم تانەدانەکان، رەنگە هەندێک بڕیار بەدواداچوون بۆ دووبارە ژماردنەوە و فەرزكردنی ژمارەیەک وێستگە بکات، کە کۆمسیۆنەکە هەڵیدەگرێت، دوای تەواوکردنی رێکارەکانیش، ئەنجامە کۆتاییەکان ئامادە دەکرێن و دەخرێنە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پەسەندکردن.

رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دواتر لە 17.11 ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە راگەیاندرا، لەگەڵ دیاریكردنی سێ رۆژ وەك دەرفەتی تانەدان لە ئەنجامەكان.