سەرۆکی شارەوانی: ستافمان کەمە

شوێنی 550 خانەنشینکراو بۆ شارەوانی سلێمانی پڕنەکراوەتەوە

ئەحمەد مستەفا

لەگەڵ ئەوەی رۆژنامەنووسان ویستیان لەبارەی دابەشکردنی زەوی لە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بپرسن، بەڵام ئەو بابەتێکی نوێی  ئاشکرا کرد و وتی، لەسەر میلاکی ئەوان زیاتر لە 550 فەرمانبەریان خانەنشین بووە، بۆیە کارەکان سستن.

لەیلا عومەر وتی، کێشەی نەبوونی بودجە و کەمیی ستافمان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 25.11.2025، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بۆ نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندن قسەی کرد و وتی، ئامادەکاریی بۆ قۆناغی داهاتووی دابەشکردنی زەوی دەکەن، پرۆسەکە پێویستی بە کۆمەڵێک کەسی تایبەتە و هەر ئەمساڵ زیاتر لە 550 فەرمانبەرمان لە سەرجەم میلاکەکان خانەنشین بوون و کەس نەهاتووەتە شوێنیان.

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند: لە ئێستادا ئامادەکاریی بۆ قۆناغی داهاتووی دابەشکردنی زەوی لە سنورەكەیان دەکەن، ئەوەش لەكاتێكدایە، لە چەند مانگی رابردوودا لە سنووری سلێمانی سەدان پارچە زەوی دابەشكرا، بەسەر فەرمانبەراندا، بەڵام بەشێك لە فەرمانبەران رەخنەیان لە شێوازی دابەشكردنەكە گرت.